ڕۆڵی تەکنۆلۆجیا لە کۆنترۆڵ کردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

سوما عزيز
بەشی زانستی کۆمپیوتەر
زانکۆی جیھان - ھەولێر

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا دواتر بڵاوبوویه‌وه‌ به‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ، کاریگەری نەرینی زۆری لەسەر ژیانی زۆربەی خەڵک لە سەرانسەری جیهان دروست كرد ، له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی حكومی و تایبه‌ت له‌ کاروباری کارگە و کۆمپانیاکان كاروبارةكان سستبوونةوة , بەم هۆیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گشت وڵاتانی جیهان به‌جیاوازی كه‌م و زۆر هەوڵەکانیان چڕکردوە بۆ کەم کردنەوەی ئەنجامە نێگەتیڤەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە.

زۆربه‌ی كاربه‌ده‌ستانی حكومی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌چوونی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌هاوكاری پزیشکان وكه‌رتی ته‌ندروستی ولایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان به‌گشتی هەریەکە بە شێوازێک لە هەوڵدان تاکوو ئەم دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بە باشترین شێوە کۆنترۆڵ بكه‌ن . ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار بەردەوامن لە دانانی ستراتیژی رێگریكردن لە بڵاوبوونه‌وه‌ و گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو خەڵکدا و لە هەمان کاتدا پزیشکان و كه‌رتی تەندرووستی بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵن بە چارەسەرکردنی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەم دۆخه‌دا شاره‌زایانی بواری کۆمپیوتەر دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە پێش بینی کردن و کۆنترۆڵ کردنی بڵاوبوونی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی شیکارکردنی ڕێژەیەکی زۆری داتا کە لەسەر چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەبەردەستە.

بە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک فاکتەری جۆراوجۆر كاریگەریان هەیە لەسەر شێواز و خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهان ، شاره‌زایانی بواری كۆمپیوته‌ر كه‌ كاری شیکردنه‌وه‌ی داتاكان ده‌كه‌ن پێویستیان بە داتای جۆراوجۆر هەیە بۆنموونه‌ داتای گەشتی فڕۆکەکان ، کەش و هەوا ، ژمارەی ئاژەڵەکان و داتای ناوەندە تەندرووستیەکان , هتد ...

شیكه‌ره‌وه‌كانی بواری كۆمپیوته‌ر پاش به‌ ده‌ست هێنانی سه‌رجه‌م داتا و زانیارییه‌كان دەتوانن بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ( Machine Learning ) لەسەر داتای کۆکراوە مەترسی تووشبون بەم ڤایرۆسە پێش بینی بکەن.

شایه‌نی باسه‌ کۆمپانیای ( BlueDot ) بە مەبەستی هاوکاریکردن و هۆشداریدان بە وڵاتانی جیهان لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گشتگیرەکان دامەزراوە به‌ دروشمی "لەکاتێکدا ڤایرۆس بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە ، زانیارییه‌كان خێراتر بڵاوده‌بنه‌وه‌ ".

دکتۆر ( کامران خان ) دامەزرێنەری کۆمپانیای ( BlueDot ) و هاوپیشەکانی سیستەمێکی هۆشداریدانی جیهانیان درووست کردوە کە لەهەر شوێنێکی دیاریکراو مەترسی تووشبون بە ڤایرۆس هه‌بێت پێشتر پێش بینی دەکات و هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی سیستەمەکە, بە واتایەکی تر ئەوان بە بەکارهێنانی میتۆدەکانی (Artificial Intelligence) مۆدێلێک درووست دەکەن کە پێش بینی دەکات لە چ شوێنێک و لە چ کاتێک و چۆن نەخۆشیەکە بڵاو دەبێتەوە.

سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کوشندەی COVID-19 گرنگی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای نوێی لە ناوەندەکانی تەندرووستی زیاتر خستە ڕوو , لە کاتێکدا تەکنۆلۆجیا بەردەوام بەرەو پێشکەوتنە شاره‌زایانی داتا و کۆمپیوتەر دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆجیای نوێ و فراوانی داتاكان کە لە کۆمەڵیک سەرچاوەی جۆراوجۆر وەردەگیرێت رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە پێش بینی کردن و کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشیە گشتگیرەکان .