لەوانەیە تەکنۆلۆجی بتوانێت خەڵک لە کەرەنتینە ڕزگار بکات

وەرگێڕان: بارزان عزیز عبدلله
ده‌رچووی بەشی وەرگێران
زانکۆی جیهان - هەولێر

بەکارهێنانی بەرنامەی ئەلیکترۆنی بۆ دۆزینەوەی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ولاتانی کۆریای باشور وسینگاپور زۆر بە سوود بووە، بەڵام لە ولاتێک وەک چین، کێشەی پاراستنی تایبەتمەندی کەسی، سەری هەڵداوە.

پاییزەکی دڵرفێنی ساڵی ٢٠٢٠ە. هەر ئێستا ئەو کەل و پەڵانە کە کریوتە لە ئۆتۆمبێلەکەت دادەنێی و بە تەمای سەردانی هاورێیەکی نزیکت بکەی کە بۆ ئێوارە خوانێک تۆی داوەت کردووە، ئەوە هەشت مانگە کە جگە لە شاشەی موبایل و کۆمپیوتەر، یەکدی تان نەبینیوە. چێژ لە لێخورینی ئۆتۆمبێلەکەت دەبینی کە لەناکاو مۆبایلێت دەهەژێت. ئەوە پەیامێکه کە لە ناوەندی چاودێری بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆت هاتووە. هەر کە مۆبایلەکەت دەکەیەوە زۆر بە زەقی ئەوە نووسراوە "ووشیار بە". کە پەیامەکەی دەکەیەوە و دەیخوێنی، ترپەی دڵت خێراتر دەبێت:

n "ئێمە گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە لەوانەیە لە رۆژانی رابردوو دا، تۆ لەگەڵ ئەو کەسانە کە پشکنینی کۆڤید ١٩یان ئەرێنی بووە بەرکەوتووییت هەبووبێت. پێویست ناکات بترسی. بەڵام لەبەر سەلامەتی خانوادەکەت و هاورێ و دراوسەکانت، ئێمە پشت بە هاوکاریت دەبەستین. تکایە بە زووترین کات ..."

واز لە خوێندنی دەینی چونکە رێنماییەکان دەزانی و یەکسەر دەگەرێیەوە ماڵی خۆت. چایەکی گەرم بۆ خۆت ئامادە دەکەی و ئێستا دەزانی کە ماوەی کەرەنتین کردنی خۆت دەستی پێ کردووە – یان لە لایەنی کەم چاوەرێی پشکنین دەبی کە ئایا توشی ئەو ڤایرۆسە نەگبەتیە بووی یان نا.

دەکرێ ئەوە ببێتە وێنەی پێشبینی کراوی داهاتووی کۆمەڵگاکان. بەم شێوەیە زۆرینەی خەڵک دەتوانن بگەرێنەوە سەر کاری خۆیان و دوورکەوتنی کۆمەڵایەتی کەمتر دەبێت و لە بەرزەخی مانگەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ڕزگارمان بێت.

سەیری ئەزموونی کۆریای باشور دەکەین کە زۆر بە باشی توانی لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە رێگری بکات. حکومەت چەندین سەرچاوە، وەک مۆبایل و کامیراکانی چاودێری و زانیاریەکانی کارتەکانی بانکی، بۆ چاودێری چالاکی هاولاتیان بە کارهێنا. کاتێک، ئەنجامی پشکنینی کەسێک ئەرێنی بوو، بەرپرسان دەتوانن پەیامێکی ووشیار کەرەوە، کە چەند زانیاری لە خۆ دەگرێت، بنێرێت. رێژەی تووشبوون لە کۆریای باشور لەم ٤٠ رۆژەی دواییەدا، نزیکە ٩٠٪ نزم بوویتەوە کە دەست کەوتێکی بێ وێنەیە.

دانیشتووانی سینگاپور دەتوانن ئاپێک بە ناوی "پێکەوە بگەڕێین" لە سەر مۆبایلی خۆیان دابەزێنن. ئەو ئاپە، بۆ دۆزینەوەی دووری و نزیکی نێوان مۆبایلەکانی تر، Bluetooth بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە ئەگەر کەسێک نەخۆش کەوت، ئەو کەسە دەتوانێت وەزارەتی تەندروستی ئاگادار بکاتەوە، و هەروەها خاوەنی تەواوی ئەو مۆبایلانە کە لە مەودای نزیک لەو مۆبایلە بوونە، ئاگادار دەکرێنەوە.

بەم جۆرە ملیۆنان کەس - تەنانەت ئەو کەسانەی کە گومانیان لە چاودێری حکومەت یان تەکنۆلۆجیاش هەیە - لە پرۆژەیەکی نەتەوەیی بە دواداچوونی هاتووچۆ و بەرکەوتنەکانی خۆیان بەشدار دەبن بۆ ئەوەی کە شارەزایانی بواری تەندروستی بتوانن نەخشەی بلاوبوونەوەی ئەو دوژمنە نەبینراوە دابرێژن.

دەکرێ ناوی بنێین دونیای "پشکنین و گەڕان".

ئەگەری هەیە ئەو خەونە ناخۆشەی سەردەم هەتا دۆزینەوەی پێ کوتەی باوەرپێکراوی نەخۆشی کۆڤید ١٩ درێژەی هەبێت.

هەتا ئەو رۆژە کە لەوانەیە یەک تا دوو سالی دیکەش بخایێنێت، دەبی یاری "پشکنین و گەڕان" لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە بکەین.

لەو دۆخەیە کە مۆبایلەکەت ڕۆڵی خۆی دەبینێت.مۆبایلەکانمان چەندین کەرەستەی گەڕان بە دوای چالاکیەکانمانی تێدایە. GPS شوێن پێمان دیاری دەکات و Bluetooth ئاماژە بە ئامێرە نزیکەکان دەدات. ئامانجی گەڕان لە مۆبایلەکان زۆر ڕوونە: ئەو بەرنامەیە پێمان دەڵێت کە ئایا لەگەڵ کەسانی تووشبوو بەرکەوتەمان هەبووە یان نە.

کۆتا قسەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی ولاتی ئەلمانیا ئەوەیە کە "من پارێزەری بواری تایبەتمەندی کەسیم، بەڵام ئەوە بۆ من کۆتا ئامانج نیە. دەبی تایبەتمەندی کەسی لەو دۆخەدا بە بەراورد بە مافەکانی تری مرۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بە رای من، ژیان و تەندروستی گرنگترین مافی مرۆڤە."