كۆڕۆنا، گەورەترين مەترسى بۆسەر ئاسايشى نێودەوڵەتى

مهران مصلح كوكس
قوتابی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییه‌كان
زانکۆی جیھان - ھەولێر

هەروەك ئاگادارين جيهان و كۆمەڵگەى مرۆڤايەتى بە بارودۆخێكى هەستيار و دژواردا تێدەپەڕێت, بە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەى پەتايەكى كوشندە بەناوى كۆڕۆنا ڤايرۆس covid-19 . ئەم جۆرە ڤايرۆسە بووەتە هەڕەشەيەك بۆ تێكچوونى سەرجەم سيستەمە تەندروستى و سياسى و ئابوريەكان و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرەو لاوازبوونێكى بەرچاو بچێت.

ئەم ڤايرۆسە هيچ سنوورێك ناناسێت بەبێ جياوازى و لە ماوەيەكى كەم دەتوانێت زۆرترين مەودا ببڕێت ، ئةمةش بووەتە هۆى توشبوونى ڕێژەيەكى زۆر لە وڵاتان و بەردەوام سنورى لە فراوان بووندايە.

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى بەردەوام هۆشيارى تەندروستى و خۆپاراستن بڵاودەكاتەوە بەڵام ئەوەى جێگاى نيگەرانييە نەبوونى ڤاكسينێكە دژ بەم پەتايە و لە زۆرێك لە وڵاتان هێشتان زەمينەسازى نەكراوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى ڤايرۆسەكە . ئەگەر تێڕامانێك بكەين بەو ناوچانەى ڤايرۆسەكە لێى بڵاوە هۆكارى نەبوونى پلانى حكومەت و ڕێوشوێنى گونجاو ياخود پابەندنەبوونى هاوڵاتيانە بە ڕێنماييە تەندروستيەكان .

بەردەوامى هەڵكشانى ڕێژەى توشبووان مەترسيەكى گەورەيە بۆسەر ئاسايشى نێودەوڵەتى و لاوازبوونى سێكتەرى تەندروستى وڵاتان. لە ئەگەرى فراوانبوونى سنوورى توشبووان چارەنوسى مرۆڤايەتى بەرەو داهاتوويەكى مەترسيدار هەنگاو دەنێت، لە ئاستى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ڕێكخراوە جيهانييەكان دەبێت كار و بەرنامەى پێش وەختەيان هەبێت لە ئالەنگارى و ڕێگرى كردن لە ڤايرۆسەكە و نەگات بە ئاستێكى وێرانكەر. پێويستە كار لەسەر ئەوە بكرێت ئايا ئەم ڤايرۆسە تا چەند درێژە دەخايەنێت؟ ئايا جيهان ثاش لەناوبردنى ڤايرۆسەكە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێ و كاريگەرييە نێگەتيڤەكانى دوايى كۆڕۆنا چى دەبن؟

داخستنى فڕۆكەخانە و سنوورەكان لەنێوان وڵاتاندا تا ڕادەيەك ڕێگرى دەكات لە بڵاوبوونەوەى ئەم ڤايرۆسە، بەڵام سيستەمى سەرمايەدارى و بازاڕى ئازاد زيانێكى زۆرى بەردەكەوێت بە وەستاندنى پەيوەنديە ئابورى و بازرگانيەكان . لايەنى ئابوورى و دارايى وڵاتان لەژێر فشارێكى زۆردايە هەم بەهۆى كەمبوونەوە و وەستاندنى چالاكيە بازرگانيەكان هەم تەرخانكردنى بوودجەيەكى زۆر لە ئالەنگارى و ڕووبەڕوو بوونەوەى ڤايرۆسەكە , بۆيە پێويستە ڕەچاوى لايەنى دارايى بكرێت بۆئەوەى بتوانرێ ڕووبەڕووى ڤايرۆسەكە ببنەوە.

ڕێكخراوە نێودەوڵەتيەكان لە ماوەى ڕابردوودا هۆكارێك بوونە بۆ كۆكردنەوەى سامانێكى زۆر، پێويستە لەم ڕۆژەدا ڕۆڵى خۆيان بگێڕن لە كۆنتڕۆلكردنى ئەم پەتايە . ئەگەر نەتوانرێ چارەسەر و ميكانزمێكى گونجاو بدۆزرێتەوە ئەوا له‌داهاتوودا ڕووخانى ئەم ڕێكخراوانە ده‌بێته‌ واقیع.