سیسته‌می جیهانی له‌ قۆناخی پۆست كۆڕۆنادا


د.هاوژین عومه‌ر محه‌مه‌د
بەشی پەیوەندییەنێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكان
زانکۆی جیھان - ھەولێر

جەنگی جیھانی کۆڕۆناڤایرۆس دژ بە مرۆڤایەتی کە ئێستا لە سەرەتاکانییەتی، ھێز و مەودای تواناکانی سیستەمی سەرمایەداری بەھەموو کایەکانییەوە خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیاری جددی و ئاڵەنگاری، کە لێکەوتەکانی راستەوخۆ لەگەڵ دەستپێکی قۆناخی پۆست کۆڕۆنا لەسەر مەنزومەی پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان و سیستەمی جیھانی بەدیار دەکەون.

ھێز و تەعامولی وڵاتانی زلھێز، لەسەرووی ھەموویانەوە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکیەتی ئەورپا لەگەڵ ئەم قەیرانە تەندرووستییە جیھانییە، ئیماژێکی روونی فەشەلی سیستەمی سەرمایەدارییە، ھاوکات دەرخستەی سنوورداری و ماھیەتی ئەو گردبوونەوە سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریانەشە کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی ، لەژیری ناوی ھاوپەیمانییەتی، یەکەیەتی، گردبوونەوەو...تاد، بونیاد نراون، ئەگەرنا کوا پراکتیزەی مەبدەئی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا؟ لەنێوان ئەمریکا و ھاوپەیمانە تەقلیدییەکانی؟ کوا ھەماھەنگییە نێودەوڵەتییە لاوەکی و راستەوخۆکان لەرێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؟ لەنێوان وڵاتانیG20؟، ....تاد، ئایا لە مێژووی سەد ساڵەی رابردوودا، لە چ ویستگەیەکی مێژوویدا ئاسایشی کۆمەڵی مرۆڤایەتی ھێندەی ئێستا لەژێر ھەڕەشە و گەڤدابووە؟ بۆچی ھەماھەنگی و تواناکانی مرۆڤایەتی لە ئاست مەترسی ھەڕەشەکەدا نین؟؟ وەڵامی ئەم پرسییارە گرێدراوی خراپ تەوزیفکردنی بنەماکانی لیبڕالییەت، و ئەولەویاتەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بازاڕێ ئازاد، و عەولەمەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابووری و کلتوری و میدیایی و تەکنەلۆژییە، ھەروەھا گرێدراوی ھەوڵەکانی بەئەمریکاکردنی جیھانە.

زەبری تووند و کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی جەنگی جیھانی کۆڕۆناڤایرۆس بەر رۆژئاواو لیبڕالیەتی سیستەمی سەرمایەداری دەکەوێ، ئەوان زەرەرمەندی یەکەم دەبن. جیھانی دوای کۆڕۆنا وەک جیھانی پێش کۆڕۆنا نابێ، لەبەر ئەوە دوو سەردەمی مێژوویی جیاوازدەبێ، چونکە لێرەوە سەرەتاکانی ھەرەسی قۆناخدار لە سیستەمی سەرمایەداری دەست پێدەکات ، کە بەدوای خۆیدا گۆڕانکاری جەوھەری لە مەنزوومەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی جیھانیدا دێنێ، بەھۆیەوەش تا ٢٥ ساڵی داھاتوو بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیھان بارودۆخێکی قەیراناوی و ناسەقامگیردەبێ، تا لە ناوەڕاستی سەدە سیستەمێکی نوێی جیھانی گەڵاڵە دەبێ، کۆماری چینی میللی قوتبی یەکەمی دەبێ، یان بەلانی کەم ھاوبەشی ئەمریکا دەبێ لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم سیستەمە جیھانییە.